لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بەندکراوانی «تاوانە قورسەکان»ی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بیانووی «سووکایەتیکردن بە ڕێوڕەسمەکانی موحەڕەمی بەندکراوانی شیعە»، دەستیان داوەتە لێدانی بەندکراوانی ژنی سوننەی ناو ئەم بەندەوە. بەرپرسانی زیندان کە خۆیان هۆکاری ورووژاندنی ئەم ڕووداوە بوون، دۆسیەسازییان بۆ ژمارەیەک لە ژنە زیندانییە کوردەکان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی موحەڕەمدا، ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژنی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە هەندێ بیانووی جیاوازی وەک بەشدارینەکردنی بەندکراوانی سوننە لەم ڕێوڕەسمانەدا، هەڵیانکوتاوەتە سەر بەندکراوانی سوننەی ئەم بەندە و لێیان داون».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ڕووداوی لێدانی بەندکراوانی کوردی سوننەدا دەستی بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی لەیلا شێربەیگی زەبری قورسی بەر کەوتووە. هەروەها کاربەدەستانی زیندانی ٥ بەندکراوی سوننەیان بە ناوەکانی تریفە، ماریا، لەیلا شێربەیگی، هەڵاڵە و پەرەستوو بانگهێشت کردووە و بە بیانووی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان دۆسیەی تازەیان بۆ کردوونەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە فەرمانی بەرپرسانی بەندی ژنان، هاتوچۆکردن بۆ هەواخۆی و بەشی ئیداریی زیندان لە بەندکراوانی کوردی سوننەی ژووری لاوانی بەندی ژنان قەدەغە کراوە».

بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ٤ ژووری سەربەخۆی ٣٦ تەختیی هەیە کە ئێستاکە لە هەر ژوورێکدا لانیکەم ٤٠ زیندانی دەژین. بە هۆی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری تازەوە زیندانییانی ژن نزیکەی ٢٢ کاتژمێری ڕۆژ لەم ژوورە بچووکانەدا دەمێننەوە کە ژمارەیەکی زۆری زیندانییان تێدایە و کەرەستەی هەواگۆڕینیشیان نییە.