سزانامەی ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکاندا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» و «موحارەبه» دەر کراوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆتایی نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی لە دۆسیەیەکدا تۆمەتی «افساد فی‌الارض»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی سزانامە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد نێردراوە. هەروەها دۆسیەیەکی دیکەیشی لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی بۆکاندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر گوڵحسەینی بۆ کراوەتەوە بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکانی ناو ئەو دۆسیەیە لە بەردەستدا نییە.

هەروەها کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا تۆمەتی «موحارەبه»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و دۆسیەکەی ئەوانیش دوای دەرکردنی سزانامە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ئەم شارەدا خرایە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و پاشان گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، دواجار پاش ١٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

محەممەد فەرەجی و کامران سوڵتانییش بە ڕیز لە ڕۆژانی ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتیانە بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) ڕەوانەی زیندانی بۆکان کران.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «بەغی» و «موحارەبە» لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا چاوەڕێی دەرکردنی سزان و لە دۆخی هەڵپەسێردراودان، هەرکام لەم تۆمەتانە دەشێت سزای لەسێدارەدانی بەدواوە بێت.