تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) ٢ چالاکی کرێکاریی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە بە ناوەکانی سدیق ڕێحانی و ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، بە ڕیز بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن و ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران.

ئەم دوو چالاکە کرێکارییە شەوی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوون.

سدیق ڕێحانی و ڕێبوار عەبدوڵڵاهی بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٣ و ٢١ی پووشپەڕدا (٤ و ١٢ی جولای) بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.