عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە  دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ (١٤ی جولای) ئەم چالاکە مەدەنییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی کەمپەینی «ژیانەوەی کوردستان»، پێشتریش چەندین جاری دیکە دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لە یەکێک لە دوایین جارەکان و لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵانی ١٤٠٠دا (٨ی مەیی ٢٠٢١) لەگەڵ ٦ ئەندامی دیکەی ئەم کەمپەینەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ (١٣ی ژوەنی ٢٠٢١) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

کۆتاکۆبوونەوەی دادگای ئەم ٧ چالاکوانە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (١٤ی مارسی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو. لە کۆتایی گوڵانی ١٤٠١دا (ناوەڕاستی ژوەنی ٢٠٢٢) ئەو دادگایە بە عەلی ئەڵڵاوەیسیی ڕاگەیەند کە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندووە، دوای تانەدان لە حوکمەکە، لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان سزاکەی گۆڕی بۆ ٥ مانگ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو.

ئەم چالاکە مەدەنییە خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی حوکمەکە لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.