دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی حەمیدڕەزا ئەروانە و عوسمان گەلاوێژی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شارەکانی ئیلام و پیرانشار دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان (٣١ی مەی) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حەمیدڕەزا ئەروانە لە شاری ئیلام و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت حەمیدڕەزا ئەروانە دوابەدوای بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەییسیی سەرکۆماری ئێران دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) هێزە ئەمنییەکان لە شاری پیرانشار بەبێ مۆڵەتی یاسایی هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی عوسمان گەلاوێژی دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٢ هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، ڕاگەیاندنکار، چالاکی پیشەیی، کرێکاری، ژینگەپارێز، مەزهەبی و هونەرمەندی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و هەمەداندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.