سومەییە کارگەر، چالاکی کۆمەڵایەتی و دەرچووی فەلسەفە کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەنداندا و دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢ی ئەلفی زیندانی ئێڤین گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین، تا ئێستایش نە خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین کراوە و نە دەواودەرمانەکانی پێ دراوە.

کەسێکی نزیکی ئەم چالاکە کۆمەڵایەتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ناوبراودا وتی: “خانمی کارگەر لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندان و لە حاڵێکدا کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە، لە بەندی ٢ی ئەلفی زیندانی ئێڤینەوە گوێزراوەتەوە بۆ قەرەنتینە و پاش چەند ڕۆژ ڕەوانەی بەندی ٨ کراوە.”

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سومەییە کارگەر نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی هەیە و ئەمەش بۆتە هۆی لاوازبوونی چاوەکانی، ناوبراو چەند ساڵێکە لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوەی دەورەیی لە ژێر دەرمانی پسپۆڕانی چاودایە. خانمی کارگەر بڕیار بوو لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٠دا بۆ درێژەی دەرمانی چاوەکانی سەفەری فەرەنسا بکات، بەڵام لەبەر دەستبەسەرکردنی ئەم سەفەرە پزیشکییە پەکی کەوتووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی پارێزەرەکەی تا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەی بخوێنێتەوە و لەگەڵ سومەییەدا دیدار بکات و هیچ زانیارییەکیش لەسەر تۆمەتەکانیشی لە بەردەستدا نییە.

سومەییە کارگەر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام و دەرچووی فەلسەفەی زانکۆی تەورێز کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەردا لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرا. ، کاربەدەستە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە وردی ماڵەکەشیان پشکنیبوو و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا، لەوانە کۆمپیتەر و مۆبایلەکەی، گرتبوو..

سومەییە کارگەر نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی چاوی لەگەڵە و چاوەکانی زۆر لاوازن، بە شێوەیەک کە تەنانەت لە کاروباری ڕۆژانەشیدا پێویستی بە یارمەتی‌وەرگرتنە. بەڵام بەمەشەوە بەرپرسان نەیانهێشتووە دەواکانی ڕادەست بکرێت.