بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە لە تاراندا و دەستیان گرتبوو بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی و لەوانە مۆبایل و لەبتۆبەکەیدا. نازیلا مەعرووفیان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە ئێکاونتی تویتەرەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لێ کردووە ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) سەردانی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین بکات.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا (٢٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان لە چوارڕیانی وەلیعەسری تاران پەلاماریان دابوو و بەسەر جادەکەدا ڕایانکێشابوو. ئەم ڕۆژنامەوانە هەروەها ڕایشیگەیاندبوو کە لەبەر ملنەدان بە حیجابی زۆرەملێ لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بێبەش کراوە.

نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «مستقل آنلاین» لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بە دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی دەستبەسەربووندا و هەر لەبەر ئەم گوشارانە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کرد و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ ناو زیندان. دواجار لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا (٩ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.

نازیلا مەعرووفیان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وتووێژەوە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا، سزای دوو ساڵ بەندکران، ١٥ میلیۆن تمەن غەرامە و پێنج ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا. لە دادنامەکەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسێردراوە.