حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی شەهاب و مێهرداد تەیمووری کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە (تایبەت بە منداڵان و تازەلاوان) دەرچووبوو، لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کراوە.
مێهرداد تەیمووری لەدایکبووی ٣٠ خەرمانانی ١٣٦٩ و شەهاب تەیمووری لەدایکبووی ١٩ی جۆزەردانی ١٣٦٤، خەڵکی سەرپێڵ زەهاو و دانیشتووی کەرەجن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییانە، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «شەهاب و مێهرداد تەیمووری لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەدا بە ناوی ئیرەج خەتیبی لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧دا بە تۆمەتی دزی لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کران».
بەپێی دادنامەیەک کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ورمێ ئیدیعای کردووە کە ئەم سێ بەندکراوەی دانیشتووی کەرەج کە لە ڕابردوودا پێشینەی دزییان بووە و مەحکوم کرابوون بە ڕادەستکردنەوەی بڕی شتە دزراوەکە، بە مەبەستی دابینکردن و دانەوەی ئەو بڕە دزراوە، دزییان لە ماڵێکی ناوشاری ورمێ کردووە و دوای ئەوە لە مەلاردی کەرەج دەستبەسەر کراون.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە «ئەم سێ بەندکراوە، ٢ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێ (تایبەت بە منداڵان و تازەلاوان) دادگایی کران و هەرسێکیان بە تۆمەتی دزی مەحکووم کران بە بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستیان».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «دوای تانەلێدانی پارێزەرە دانراوەکانیان (تەسخیری) دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢٤ی دیوانی باڵای ئێران و لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا حوکمی شەهاب و مێهرداد تەیمووری وەک خۆی پەسەند کرایەوە و حوکمی ئیبراهیم خەتیبی لە ڕیزی تاوانی حەددا دانەنرا و هەر بۆیە هەڵوەشێنرایەوە».
پێشتریش چوار زیندانیی دیکە بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مەهدی شەرەفیان، مەهدی شاهیوەند و کەسرا کەرەمی بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان بەسەردا سەپابوو و دۆسیەکەیان دوای پەسەندکران لە دیوانی باڵادا بۆ جێبەجێکردن نێردراوەتە بەشی ئیجرای ئەحکام. هەروەها لە پووشپەڕی ئەمساڵدا زیندانییەکیتریش بە ناوی ئارش علیئەکبەری ئاوا حوکمێکی بەسەردا سەپابوو و دۆسیەکەی دوای تانەلێدان نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەسەندکرانی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم چوار زیندانییە لە دیوانی باڵادا و بڵاوکردنەوەی دادنامەکانیان لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە، مەهدی کێشتدار، بەرپرسی هەواڵنێریی دەزگای دادوەریی ئێران، وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەم هەواڵە لە تویتەرەکەی خۆیدا، نووسیبووی: بەدواداچوونەکانی ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری لە ڕێی دادگوستەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە نیشانی داوە کە ئەو ئیدیعایەی لە هەندێ میدیای بیانیدا لەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی سێ منداڵ بە تۆمەتی دزی بڵاو کراوەتەوە، دوورە لە ڕاستی.
ئەنجومەنی پزیشکیی جیهانی (WMA) لە ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی ئەم چوار کەسەدا، نامەیەکی توندوتیژی ئاراستەی بەرپرسانی ئێران کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای بڕینەوەی دەستی کرد، بە وتەی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەم سزایە دەبێتە هۆی کەمئەندامبوونی قەرەبووهەڵنەگری مرۆڤەکان و کەرامەتی ئینسانییان پێشێل دەکات.
ئەم ڕێکخراوە جیهانییە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە کردەوە قیزەونانە لە وڵاتێکدا کە یاسا سەروەر بێ جێیان نابێتەوە، نووسیویەتی: «پشتیوانی لە هەر پزیشکێکی ئێرانی دەکەین کە ئامادە نابێ لە بڕینەوەی پەنجەکانی زیندانییاندا بەشداری بکات و بیرتانی دەخەینەوە کە بەشداریکردنی پزیشکان لە ئەشکەنجەداندا بە مانای پێشێلکردنی قورسی ئەخلاقی پزیشکییە».
کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەنابردنە بەر سزای نامرۆڤانەی وەک بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستەیان قەدەغە کردووە. ئەگەرچی ئێرانیش کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی واژۆ کردووە، بەڵام لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە «کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە»ی قبووڵ نەکردووە و لە زۆربەی تاوانەکاندا هێشتا هەر سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستە بەکار دێنێت.
ورمێ؛ حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دوو بەندکراوی دیکە لە دیوانی باڵادا پەسەند کراوە

ڕاپۆرتی ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ـ ١٤٠٣ی هەتاوی
ڕاپپۆرتی ساڵی ١٤٠٣ کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای مردنی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و لە ئەندامانی «لیژنەی مەرگ» بۆ بەکۆمەڵکوشتنی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی...
زیاتر بخوێنەوەبەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئازەربایجان و کوردستان: بەرەنگاری شەڕنانەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ ببینەوە
ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لایەن هاووڵاتیانی کوردی ورمێوە لەم شارەدا بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمەدا دەیان هەزار...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی
دۆسیەی مێحراب عەبدوڵڵازاده، زیندانیی سیاسیی ٢٦ ساڵانی سزادراو بە لەسێدارەدان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگای یەکەم بۆ...
زیاتر بخوێنەوە