فەرهاد پژوان، بەندکراوی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی، دوای ئەشکەنجەدرانی قورس لە لایەن محەممەد فاتمیی بەرپرسی ناوخۆی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و لە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیشی بێبەش کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە کاتی ڕێوڕەسمی بەیانیانی بەندی ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، محەممەد فاتمیی بەرپرسی ناوخۆی ئەم زیندانە، لەگەڵ سەیفوڵڵازادەی بەرپرسی بەندەکەدا بە باتۆم پەلاماری فەرهاد پژوان، بەندکراوی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتاییان داوە و پاشان توندی ژووری تاکەکەسییان کردووە.

دەوترێت سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە بەندکراوان لە لایەن محەممەد فاتمیی بەرپرسی نوێی بەشی ناوخۆی ئەم زیندانەوە بووەتە مایەی ناڕەزایەتیی بەندکراوان و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیندانییەکان لە هەواخۆری (حەوشە)ی زیندانەکەدا گرد بوونەتەوە و داوایان کردووە ئەم بەرپرسە نوێیە لە کارەکەی دوور بخرێتەوە.

فەرهاد پژوان، بەندکراوی کوردی ٣٤ ساڵان، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرا و سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە.

لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییەی ٢٠٢٤) زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕایانگەیاند کە بە هۆی ئازاردانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، تا ئێستا چەندین بەندکراو هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

ئەو بەندکراوانە لە نامەکەیاندا دۆخی بەندە جیاوازەکانی زیندان، لەوانە «ژوورە تاکەکەسییەکان» و «بەندی پاک»یان بە کارەساتبار ناوزەد کردبوو و وتبوویان: «زیندانی ناوەندیی ورمێ ٦ سویتی تاکەکەسیی هەیە، بەڵام لە هەندێ کاتدا زیاتر لە ٦ بەندکراو دەکرێنە ناو هەر ژوورێکەوە، لە ئاوا دۆخێکدا ئیمکانی خەوتن و تەنانەت هەناسەکێشانیش زۆر دژوار دەبێتەوە. ئەو بەندکراوانەی بە هۆکاری جیاوازی وەک مانگرتن لە خواردن و بۆ سزادان دەبرێنە ژوورە تاکەکەسییەکان، لەبەر دۆخی دژواری بەندەکە، نەبوونی حەمام و حەوشەی هەواخۆری و لێدان و ئەشکەنجەی زیندانبانەکان کە بە دەستووری سەرۆکی زیندانە، لە دۆخێکی کارەساتباردان و کەسیش دەنگیان نابیسێت».