ورمێ؛ ئەشکەنجەدانی سێ بەندکراوی ناڕازی لە بەردەم بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگادا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/torture-ku/2020/10/27/p22973
شەوی یەک شەممە ،٤ی گەڵارێزان، دوابەدوای ناڕەزایی دەربڕینی سێ زیندانی بە ناوەکانی داوود قاسمزادە، بەهادین قاسمزادە و ئارەش عەلیزادە لە بەندی ئەمنی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و گواستنەوەی ئەم سێ زیندانییە بۆ بەردەم بەشی پاسەوانیی سەرەکیی زیندان، هێزەکانی گاردی زیندان بە ئامادەبوونی «برووجێنی»، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەو سێ کەسەیان بە باتۆم داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەیان کردوون. هەروەها دیسانەوە دەستبەند و پێبەندیان لە هەرسێکیان داوە و گەڕاندوونیانەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ئەمنی زیندان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆتاساتەکانی شەوی ٤ی گەڵاڕێزان، ئەم سێ بەندکراوە کە بە مەبەستی تەمێکردن لە نزیک ٦ مانگ لەمەوپێشەوە گوازراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ئەمنی زیندان، ناڕەزاییان دەربڕی کە دوای ئامادەبوونی هێزەکانی گاردی زیندان و ئاگرکەوتنەوە لە بەندەکەدا، هەرسێکیان گواسترانەوە بۆ بەردەم بەشی پاسەوانیی سەرەکیی زیندان.
سەرۆکی زیندانی ورمێ لەبەر تووشبوون بە کۆرۆنا لەوێ نەبووە، هەر بۆیە بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ خۆی چۆتە نێو زیندانەوە و بە فەرمانی ناوبراو و لە حاڵێکدا کە داوود قاسمزادە بە هۆی کێشەی نوخاعیەوە لەسەر ویلچەر بووە، زۆر بە قورسی بە باتۆم لێیان دابوون و سەرلەنوێ ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ئەمن کرابوونەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ئاگادار کردۆتەوە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ داوود قاسمزادە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان لەوێ خەوێنراوە. ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ئەم زیندانییە ماوەتەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان شەوی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، باسی ناڕەزایی و ئاگرکەوتنەوە لە بەندی ئەمنی زیندانی ناوەندیی ورمێی کردبوو.
بابەتی پەیوەندیدار
-
ورمێ؛ ناڕهزایهتی و ئاگركهوتنهوه له بهندی ئهمنی زینداندا
-
ورمێ؛ زیندانییەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا هەوڵی خۆکوشتنی دا
-
ورمێ؛ چوار بەندکراو دوای ئەوەی دەستیان دایە خۆکوشتن، لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە ئەشکەنجە دران
-
لە ورمێ سێ بەندکراو بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کران
-
ورمێ؛ حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دوو بەندکراوی دیکە لە دیوانی باڵادا پەسەند کراوە
-
ورمێ؛ سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست بۆ بەندکراوێک دەرچوو