ورمێ؛ مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی هادی ڕوستەمی لە ڕۆژانی داهاتوودا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/torture-ku/2020/11/28/p23011
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی هادی ڕوستەمی، ئەو زیندانییەی لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شەرەفیان و مێهدی شاهیوەند حوکمی بڕینەوەی پەنجەی بۆ دەرچووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دەڵێ مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمەکە لە ڕۆژانی داهاتوو لە ئارادایە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی سەرماوەز توورەج موختاری، دادوەری چاودێری زیندانی ورمێ ئەم زیندانییەی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگا و بەرپرسانی زیندان داوایان کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمە ئامێری گیۆتین ڕەوانەی زیندان بکرێت.
مانگی گوڵانی ئەمساڵ حوکمی «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»ی ئەم ٣ زیندانییە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کرا و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگای ورمێ کرا. هادی ڕوستەمی باوکی دوو منداڵ، لەدایکبووی ١٣٦٥ی هەتاوی و خەڵکی مێهرانی ئیلام، مەهدی شاهیوەند لەدایکبووی ١٣٥٧ و خەڵکی خوڕەمئاوا و مەهدی شەرەفیان لەدایکبووی ١٣٦٢ و خەڵکی خوڕەمئاوا، ساڵی ١٣٩٤ لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە دەستگیر کران و لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە تۆمەتی «دزی» حوکمی «بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست»یان بەسەردا سەپا.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاست جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم زیندانییەدا، باسی بەردەوامبوونی زەخت و گوشارەکانی لەسەر ناوبراو کرد: «لە چەند مانگی ڕابردوو و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەسەندکردنی حوکمی ئەم زیندانییە لە دیوانی باڵای ئێراندا، ناوبراو چەندین جار بانگهێشتی نووسینگەی پاراستنی زیندان کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە. هەروەها لە ٢٥ی گەڵاڕێزانیشدا براوەتە لقی دووی دادیاریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ و دۆسیەیەکی تازەی بە تۆمەتی «ئاژاوەگێڕی لە زینداندا» بۆ کراوەتەوە».
هەر ئێستا ٥ زیندانیی دیکەیش بە ناوەکانی مەهدی شەرەفیان، مەهدی شاهیوەند، کەسرا کەرەمی، شەهاب تەیمووری و مێهرداد تەیمووری بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان بۆ دەرچووە و دۆسیەکانیان دوای ئەوەی لە دیوانی باڵادا پەسەند کرا، نێرراوەتە نووسینگەی ئیجرای ئەحکام. هەروەها پووشپەڕی ئەمساڵ زیندانییەکیتریش بە ناوی ئارەش عەلیئەکبەری ئاوا حوکمێکی بۆدەرچووە و دۆسیەکەی دوای تانەلێدان ڕەوانەی دیوانی باڵا کراوە.
دوایین جارێک حوکمی پەنجەبڕینەوە لەم زیندانەدا جێبەجێ کرابێت ٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ بوو کە حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی فەرامەرز بێغەم، ٣٨ ساڵە و مەجید بێغەم، ٤٥ ساڵە کە تۆمەتی چەندین کردەوەی دزییان لەسەر بوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڕێوە چوو.
بابەتی پەیوەندیدار
-
هادی ڕۆستهمی؛ بهندكراوی مهحكووم به بڕینهوهی پهنجهكانی دهست: له دهستبهسهرگهی ئیدارهی ئاگاهیی ورمێ به سهختی ئهشكهنجه كراوم
-
ورمێ؛ هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی لەش، هەوڵی خۆکوشتنی داوە
-
ورمێ؛ لانیکەم سێزدە زیندانیی ناڕازی دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی قورس گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاسایش
-
سەپاندنی سزای ٨ مانگ بەندکران و ٤٥ قامچی بەسەر هادی ڕوستەمیدا لە ورمێ
-
گواستنەوەی هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن
-
هەڕەشەی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی چوار بەندکراو لە ورمێ