به ‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، زیندانییەک بە ناوی خەسرەو جەمالیفەڕ لە زیندانی سنە گیانی لەدەست داوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو دەگەڕێننەوە بۆ ئەشکەنجەکردنی لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان دەڵێن ئەو لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە خۆی کوشتووە.

خەسرەو جەمالیفەڕ کە ٢٦ ساڵی تەمەن بوو و لە نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی «کوشتن» لە زیندانی سنە بەند کرابوو، لە ڕێکەوتی ١١ی گەڵاڕێزاندا دوای تێکهەڵچوون و شەڕکردن لەگەڵ چەند زیندانییەکی تردا کەوتۆتە ژێر لێدانی قوسی هێزەکانی گاردی زیندانەوە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

تەرمی ئەم زیندانییە ڕۆژی ڕابردوو لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا و بە ئامادەبوونی هێزەکانی یەکینەی تایبەت لە سنە ئەسپەردە کرا.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی خەسرەو جەمالیفەڕ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا دەڵێت: «کاتژمێر ٢٤ی شەوی سێشەممە لەڕێی هاوبەندییەکیەوە تێ گەشتین کە خەسرەو براوەتە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە. دوای ڕۆیشتنمان بۆ نەخۆشخانە و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی دیدارکردنمان بدەنێ پێیان وتین کە خەسرەو فەوتی کردووە و دەبێ سبەی سەرلەبەیانی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی ساردخانە بکەین».

ناوبراو لە درێژەدا وتی: «بە وتەی فەرمانبەرێکی نەخۆشخانەکە، خەسرەو پێش گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو، بەڵام کاربەدەستانی زیندان پێداگرییان کردبوو کە پزیشکەکان دەبێ مەعیدەی بشۆنەوە».

 بە وتەی ئەم ئەندامەی بنەماڵەی جەمالیفەڕ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دواتر و لە حاڵێکدا کە لە بەردەم ساردخانەی نەخۆشخانەدا چاوەڕێ دەبن، لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدییەوە پێوەندییان لەگەڵ دەگیرێت و داوایان لێ دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە بڕۆنە ئەوێ: «کاتژمێر پێنج و نیوی دەمەوبەیان کە ڕۆشتینە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە، بە دەیان هێزی گاردی تایبەت لەوێ بوون. تەرمی خەسرەویان بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی بنەماڵە شۆردبوو و تەنها دوای دەمەقاڵە و باسوخواسێکی زۆر، برایەکی خەسرەو توانیی کەفەنەکە هەڵ بداتەوە و سەری خەسرەو ببینێت کە ئەڵبەت هێشتا لای لووتی خوێنی پێوە بووە. دواجار بە ئامادەبوونی ئەو هێزانە تەرمەکەمان بە خاک سپارد».

ئەم ئەندامەی بنەماڵەی جەمالیفەڕ جەخت دەکاتەوە کە ئەگەرچی بەرپرسانی زیندان دەیانهەوێ خۆکوشتن لەڕێی خواردنی حەبەوە بە هۆکاری مردنەکەی لەقەڵەم بدەن، بەڵام بنەماڵە ئەم ئیدیعایە قبووڵ ناکات و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی پزیشکیی دادە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٩وە تا ئێستا لانیکەم ٥ زیندانی بە ناوەکانی دانیال زەینولعابیدینی لە زیندانی مەهاباد، ناسر کەریمی لە زیندانی بۆکان، ئەمیر ڕەزایی لە زیندانی ورمێ، مێهرداد تاڵشی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی تاران و ئەمیرحسەین حاتەمی لە زیندانی فەشافوویەی تاران بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی دەستبەسەرگە یان زیندانەوە گیانیان لەدەست داوە.

فاتمە کەریمی، بەرپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لەم بارەیەوە دەڵێت: «گەرچی لەم جۆرە دۆخانەدا بەرپرسانی زیندان مردن بە ئەشکەنجە ڕەت دەکەنەوە و بەدواداچوونی دۆسیەکان لە لایەن بنەماڵە و پارێزەرانەوە بە گشتی دەرئەنجامێکی بەدواوە نابێت، بەڵام بەپێی یاسا حاکمەکان بەرپرسایەتیی گیانی هەموو زیندانییەک لە ماوەی دەستبەسەربوون یان زیندانیبووندا لە ئەستۆی ڕێکخراوی زیندانەکاندایە. ئێمە دەزگای دادوەری بە بەرپرسیار دەزانین و دەبێ بەدواداچوونی تەواو بکات بۆ چۆنێتیی مردنی خەسرەو جەماڵیفەڕ و هەموو حاڵەتە هاوشێوەکانی تر».