تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە شەوی ڕابردوو ٢٧ی ڕێبەندان زیندانییەک بە ناوی شەهرام محەممەدبەیگی لە بەندی سڵامەتی زیندانی ناوەندیی ئیلام لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراوە و گوازراوەتەوە بۆ قەرەنتینە.

ئەم زیندانییە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئەشکەنجەدرانی لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە دەمەوبەیانی ئەمڕۆ لە قەرەنتینە مانی لە خواردن گرتووە.

دەوترێت ئەم زیندانییە ٣٥ ساڵەیەی خەڵکی ئیلام کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانەوە لەبەر «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کراوە، ڕۆژی رابردوو بە هۆی دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان نەیتوانیوە دیداری حوزووری لەگەڵ بنەماڵەکەی بکات. شەوی ڕابردوو ئەم زیندانییە جارێکی تر داوای لە بەرپرسانی زیندان کردبوو دەرفەتی دیداری حوزوریی پێ بدەن و هەر ئەمەیش ببووە هۆی دەمەقاڵە لە نێوان چەندین کەس لە هێزەکان و زیندانیی ناوبراودا و ئەوانیش بە باتوم بە قورسی ئەشکەنجەیان کردبوو.