بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ڕابردوو ٢٩ی بەفرانبار (١٩ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی سیدفەرهاد حسەینی و کامیل دوودکانلوو کە پێشتر بە تەمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی سەڵماس جێبەجێ کراوە.

کامیل دوودکانلوو، باوکی چوار منداڵ و خەڵکی گوندی «قاباخ تەپە»ی سەڵماس، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی گواستنەوەی «٣٠ گرام هیرۆیین» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

هەروەها سەیدفەرهاد حسەینی، خەڵکی گوندی «تەمەرئاوا»ی سەڵماس، نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاووڵاتییەک دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو. دەوترێت ئەم هاووڵاتییە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهی لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامییەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە و هەر بۆیە لەژێر ئەو ئەشکەنجانەدا بە ناچار ددانی بەو کوشتنەدا نابوو.