لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید نەجەفی و برزوو چەقازەردی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کراوە. دوای جێبەجێکردنی سزاکە، بەرپرسانی زیندان پێوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا گرتووە و هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو زینادنییانەیان پێ ڕاگەیاندوون.

سەعید نەجەفی، ٢٨ ساڵان و خەڵکی سەحنەی پارێزگای کرماشان، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش لە دۆسیەیەکی ئاڵۆز و لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی تردا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرا. ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهییەوە بە ناچار ددانی بە تاوانباربوونی خۆیدا نا و کوشتنەکەی گرتە ئەستۆ، دواجاریش لە دادگادا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپا.

دووهەم زیندانیی لەسێدارەدراوی ئەو ڕۆژە برزوو چەقازەردی، ٤٥ ساڵان و خەڵکی ماییدەشتی پارێزگای کرماشان، چەند ساڵ لەمەوپپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.