چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە بە ناوەکانی کەیوان زەندی، ئارام ئازاد، سەردار شاهمورادی و هووشەنگ چەهارگورگە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، تۆمەتی «موحارەبە»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئەم هاووڵاتیانە کە ئێستا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی ناوەندیی سنەدان، مەترسیی دەرکردنی سزای «لەسێدارەدان»یان لەسەرە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم چوار هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو بە شێوەی جیاجیا لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی زۆر قورسەوە.

دەوترێت ئەم کەسانە تۆمەتبارن بە «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا» لە ڕۆژی چلەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە لە ڕۆژی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا (١٧ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢).

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئاوا تۆمەتێک لەسەر ئەم هاووڵاتیانە لە ئارادا نییە و هەر چوارەکەیان سەرەڕای ئەشکەنجەدرانی قورسی جەستەیی و ڕۆحی لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، ئیدیعای لێپرسەوە ئەمنییەکانیان لەسەر «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا» ڕەت کردووەتەوە.

پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢ی دێسامبری ٢٠٢٢) دەزگای ئیتلاعاتی سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە «چوار کەس لە بکەرانی شەهادەتی شەهید حەسەن یووسفی لە شەهیدانی پارێزوانی ئاسایش لە پارێزگاکەدا» دەستبەسەر کراون.

ئەم چوار هاووڵاتییە دوای چەندین مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کران.

دوای ماوەیەک کەیوان زەندی و ئارام ئازاد بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کران، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک و لەژێر زەخت و گوشاری دەزگای ئیتلاعاتی سوپادا سەرلەنوێ دەستبەسەر کرانەوە و گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.

دۆسیەی ئەم چوار هاووڵاتییە بە شێوەی سەربەخۆ و جیالەیەک بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە کوشتنی ئەندامێکی پۆلیسی ئینتیزامیدا، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە.

ڕۆژی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٧ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) هەزاران هاووڵاتیی سنە لە ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردوانی ئەم شارە لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیدا بەشدارییان کرد و دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە بەرەو ناوشار گەڕانەوە. لە ڕەوتی سەرکوتکردنی قورسی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی ئەم ڕۆژەدا، ئارام حەبیبی و شاهۆ بەهمەنی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران. هەروەها ئومید حەسەنی کە هەمان ڕۆژ لەگەڵ دەیان هاووڵاتیی دیکەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی بنکەی پۆلیسی ئینتیزامیی سنە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا. هەر لەم ڕۆژەدا ئاریان خۆشگەوار، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سنە کە کەوتبووە بەر باتۆم و چەقۆی هێزەکانی یەکەی تایبەت و بە سەختی بریندار ببوو، دوای چوار مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لە دەست دا.

هەروەها ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانیش هەر لەم ڕۆژەدا ڕایانگەیاند کە پۆلیسێکی ئینتیزامی بە ناوی سەرهەنگ (عەقید) حەسەن یووسفی لە نزیک گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنەدا کوژراوە.