بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) سزای لەسێدارەدانی خەلیل جەمالی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییەی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو  نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

بەم پێیە، بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٢ بەندکراو لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دراون؛ دانیال کازمینژاد، بەندکراوی خەڵکی شابادیش هاوکات لەگەڵ ئەم بەندکراوەدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی بەسیجییەک بە ناوی سەجاد ئەمیری هەر لەم زیندانە لە سێدارە درا.