پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە لە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێشەوە دەستبەسەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم حوکمە کە لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری دەر کراوە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٣ی جولای) بە پارێزەرەکەی پەخشان عەزیزی ڕاگەیەنراوە. دوای ئاگاداربوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەو حوکمە و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندا، زیندانیانی سیاسیی ژن لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا  بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە حەوشەی بەندەکەدا گرد بوونەوە.

هاوکات ئاسۆ عەزیزیی برای ئەم زیندانییە سیاسییە لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا ڕایگەیاندووە کە ٣ ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەیشیان کە لەگەڵ خوشکەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) لقی ٥ی لێپرسینەوە دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤین تۆمەتی«بەغی»ی ڕووبەڕووی پەخشان عەزیزی کردەوە. کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەچالاکە دوو جار لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (٢٨ی مەی و ١٧ی ژوەنی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو. پەخشان عەزیزی لە ساتی دەستبەسەرکردنەوە تا دوای دەرکردنی سزانامە و هەناردنی دۆسیەکەی بۆ بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامی، لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. دواجار ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵەوە (٦ی جولایی ٢٠٢٤) بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە، بەم دواییانە لە دووتوێی نامەیەکدا کە لە ناو زیندانەوە نووسیویەتی، چیرۆکی ستەمی ژنبوون و کوردبوون دەگێڕێتەوە و باس لە دەستبەسەرکردنی توندوتیژی خۆی و بنەماڵەکەی، ئەشکەنجە قورسەکانی کاتی دەستبەسەربوون، ٥ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا و… دەکات.

پەخشان عەزیزی لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.

پەخشان عەزیزی لە کاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان وەکوو ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارەکانی شەڕ لەو ناوچەیەدا خەریکی چالاکی بوو.

دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)یش کە هاوکات لەگەڵ ئەو لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، بە هەمان ئەو تۆمەتەوە چاوەڕێی دەرکردنی حوکمە لە لایەن دادگاوە.