شاکر باغی

هاوڵاتی کوردی خەڵکی وانی باکوری کوردستان

تۆمەت: ئەندامێتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

سزا: ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی کاشمەر

شاکر باغی، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی باکوری کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٨٦دا / ٢٠٠٨.٠٣.١٠، لە ڕێگەی نێوان سنە و مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە  دەستبەسەرکرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا ئەوەندەیان ئەشکەنجەدابوو کە بوورابووە و هەر بەو دۆخشەوە گواسترابووەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

چيند مانگێک پاش دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی کرماشان و سنە لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “حەسەن بابایی” بەتۆمەتی “ئەندامێتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” بە ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر سزادرا.

پارێزەرەکەی تانەی لەو سزایە دا، داواکاری گشتیی سنە ناڕەزایی بەرامبەر بەو سزای دەربڕی و داوای دەرکردنی قورسترین سزای بۆ کرد، ئە سزایە لە ئەنجامدا لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان پشتڕاستکرایەوە و لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٨٨دا / ٢٠٠٩.٠٩، لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی کاشمەر دوورخرایەوە.

ناوەندە ئەمنیی و دادوەرییەکانی پارێزگای کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە مافەکانی بۆ چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی پێشێل بکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەکەی لە شاری وانی کوردستانی تورکیا نیشتەجێن.

لە ساڵی ١٣٩٤دا لەکاتێکدا بنەماڵەکەی پاش دوو ساڵ لە شاری وانەوە تا کاشمەر چووبوون بۆ ئەوەی چاویان پێی بکەوێت، بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕێگەیان پێنەدان، ئەو چاوپێکەوتنە لە ئەنجامدا بە دەستێوەردانی دادوەری جێبەجێکردنی سزاکانی سنە ڕێکخرا، بەڵام پاسەوانەکانی بەندیخانەکە لە ناوەڕاستی چاوپێکەوتنەکەدا بنەماڵەی شاکر باغییان لە بەندیخانە دەرکرد.