دوای تێپەڕنی ٥٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی کەمال لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، ئەم هاووڵاتییە دادخوازە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی وەرگرتنی پارێزەر، خزمەتگوزاریی پزیشکی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەدا، لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زیندانی کامێراندا ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دوایین بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاک کەمال لوتفی لە کۆتایی گوڵاندا (ناوەڕاستی مەی) دوای نزیکەی مانگێک دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی پارێزگای کوردستاندا، گوازرایەوە بۆ زیندانی کامێران. هەروەها بە بڕیاری داواکاری گشتیی کامێران لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و تا ئێستایش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە زینداندا ڕاگیراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کەمال لوتفی نەخۆشیی پێستی لەگەڵە، بەڵام تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی دەرمانەکان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە و ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانیی بنەماڵەکەی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەدا.

کەمال لوتفی ٢١ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی قوروە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران، بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری حکومەتی ئێران» سزای ٢ ساڵ و بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان) لە ئەگەری پەسەندکردنی حوکمەکەدا، سزای ٢ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای تانەدانی کەمال لوتفی لەو حوکمە، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان.

کەمال لوتفی یەکەم جار ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣) لە شەقامێکی دێولاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی کامێران کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٨ی مەیی ٢٠٢٣) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی مانەوە لە زیندانی کامێراندا، بۆ ماوەی چەند حەفتەیەک مانی لە خواردن گرت و دوای ٨٧ ڕۆژ بەندکران لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ جولایی ٢٠٢٣) بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

لە کۆتاییەکانی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) ئەم باوکە دادخوازە بۆ کۆبوونەوەی دادگا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی دێولانەوە بانگهێشت کرابوو.

کەمال لوتفی باوکی ڕەزا لوتفییە کە ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دێولاندا بە دەسڕێژی هێزەکانی یەکەی تایبەت کوژرا.

دوای کوژرانی ئەم لاوە ٢٠ ساڵەیە، بنەماڵەکەی کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشاری سوپای پاسدارانەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بڵێن کە کوڕەکەیان بە دەستی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان کوژراوە.

دوابەدوای بەردەوامبوونی هەڕەشە و گوشارەکان، کەمال لوتفی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و بە ڕوونی و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کوڕەکەی بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.