یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد، دوای مانگێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی شنۆ و ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣٠ی مەی) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە.
ڕۆژی ١٢ی گوڵان (١ی مەی) هێزە ئەمنییەکان لە گوندی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندی و دەستەی بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەم چالاکە کوردەیان بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرد.
یووسف حاجی خۆش دوای دەستبەسەرکران ڕەوانەی دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ کرابوو.