تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی سەرماوەز مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، دوای مانگێک مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ. ناوبراو لەم ماوەیەدا لەسەر ڕووداوەکانی ناو زیندان خراوەتە ژێر لێپرسینەوە و مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی گەڵاڕێزان ئەم زیندانییە سیاسییە لەگەڵ ٤ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی تر بە ناوەکانی مەحیەدین تازەوارد، داوود جەباری، ئیبراهیم خەلیل سدیق هەمەدانی و سالار خەلیل سدیق هەمەدانی و ٣ زیندانیی غەیرەسیاسیی تر بە ناوەکانی فەرزین قادری، ئەمیر محەممەدی و کەمال خاکزاد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی ورمێوە گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ.

لەنێو ئەم کەسانەدا پێشتر مەحیەدین تازەوارد، فەرزین قادری، ئەمیر محەممەدی و کەمال خاکزاد لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە گەڕێنرابوونەوە بۆ زیندان.

مەحیەدین ئیبراهیمی ٤٠ ساڵان، خێزاندار و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٦دا لە گوندێکی شاری شنۆ بە تەقەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا بریندار و دەستبەسەر کرا و پاشان گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» کەوتە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی قورسەوە.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و بەبێ پارێزەری دیاریکراوی خۆی بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی ڕەزبەر لە زینداندا بە ڕەسمی پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان نێردرایە بەردەم لقی ١٩ی دیوانی باڵای ئێران و لەبەر «ناتەواویی لێکۆڵینەوەکان» حوکمەکە هەڵوەشێنرایەوە و سەرلەنوێ نێردرایەوە بۆ لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دووهەم جار لە بەفرانباری ١٣٩٨دا لە لایەن ئەم دادگایەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە.