سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، دوای ٨٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا. ئەم وەرزشکارە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی سەقز کرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) سامان پاشایی دوای ٨٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی سەقز ئازاد کراوە. ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی سەقز لە بەردەم زیندانی ئەم شارەدا پێشوازییان لەم مامۆستای زانکۆیە کرد.

سامان پاشایی پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشی خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سنەوە بۆ سەقز  بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی کۆمەڵێک پەرچەکرداری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا لێ کەوتەوە.

سەردار پاشایی، چالاکی سیاسیی دژبەری حکومەتی ئێران، ڕاهێنەری پێشووی تیپی نیشتمانیی زۆرانی فەرەنگیی ئێران و برای سامان پاشایی، ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئیکسدا نووسیبووی کە بنەماڵەکەی لە کاتی دیداری ساماندا لە دۆخی تەندروستیی سامان «تۆقیون».

لە دواهەم پەرچەکردار لە ئاست دەستبەسەرکردنی سامان پاشاییدا، لە ناوەڕاستی خەرماناندا (سەرەتای سێپتامبەر) زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی، ئەکادیمیسیەن، چالاکی مەدەنی و سیاسی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ دادواکاری گشتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوای ئازادکردنی ئەم وەرزشکارەیان کردبوو.