ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی ژانڤییە) پەرهام پەروەری، زیندانیی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران، لە زیندانی ئێڤینەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ ئەم زیندانییە سیاسییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی بنەماڵەکەی و بە نهێنی لە زیندانی ئێڤینەوە دوور خراوەتەوە بۆ زیندانی ئێرانشار.

ئەم وەرزشکارەی خەڵکی سەقز لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٣) دوای نزیکەی ٩ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە سزای ١٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی جاسک و پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی پەرهام پەروەری ڕۆژی ٧ی جۆزەردان (٢٧ی مارس) بە ئامادەبوونی مازیار تاتایی، پارێزەی پەرهام، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو، لەم دادگایەدا کۆمەڵێک تۆمەت و لەوانە «موحارەبە» ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کرایەوە و ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) حوکمی دادگا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنرا.

سروە سووزەنی، دایکی ئەم وەرزشکارە، ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردان (١٠ی ژوەن) بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی حوکمەکە، کوڕەکەی سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی جاسکی پارێزگای هورموزگان و هەروەها پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی مازیار تاتایی، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە، نێردرایە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران و لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

پەرهام پەروەری، وەرزشکاری ٢٥ ساڵانی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتبووە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە چەشنێک کە ئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە تا ئێستایش لەسەر جەستەی ماوەتەوە. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لە بەندی ٢٠٩، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی فراوانەوە. دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کردبووەوە.

ئەم وەرزشکارە کوردە لە رێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٤ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە کرابوو.