سەرەڕای تێپەڕینی ١٥ مانگ لە دەستبەسەرکردنی سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، بەڵام تا ئێستایش بەبێ دیاریکردنی چارەنووس و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج ڕاگیراوە.

هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە دەبوو لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار دوا خراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە کە خەرمانانی ئەمساڵ (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکەدا لە زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج، بە هۆی درێژەدانەوە بە مانگرتن لە دەواودەرمان و بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە.

سامان یاسین لەبەر کێشەی هەناسەتەنگی و هەڵدڕانی کونی لووتی چەپ بە هۆی ئەشکەنجەدانەوە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا و هەروەها خوێنلێچوونی کۆئەندامی هەرس، دووچاری ئازار بووە و لە دۆخێکی نەگونجاودایە.

ڕەزا شەفاخاە، پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسیە، لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لاپەڕەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا (تویتەری پێشوو) نووسیبووی: «سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی پارێزوانەکەمدا، سامان بە پێچەوانەی یاسا هێشتا هەر دەستبەسەرە.» ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست دۆخی توندروستیی پارێزوانەکەیدا، ڕایگەیاندبوو: «سامان لە ڕووی پزیشکییەوە توانای مانەوەی لە دۆخی دەستبەسەریدا نییە. هەر بۆیە ڕاپۆرتێک پێشکەشی پزیشکیی داد کراوە و چاوەڕێی دەرئەنجام و وەڵامین».

سامان یاسین لە خەرمانانی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە پەیامێکی دەنگیدا لە زیندانەوە کە بۆ بڵاوکردنەوە درابووە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، باسی لە ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوە کردبوو کە چەندین حاڵەتی وەک ئێعدامی ساختە، هەڵدڕانی کونەلووتی بە ئەشکەنجەی لێپرسەوە ئەمنییەکان و گوشار بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی دەگرتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە چەندین جار لە نێوان زیندانەکانی ئێڤین، ڕەجایی شار و قزلحەساری کەرەجدا هاتوچۆی پێ کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. موحسین شکاری دوای ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٨ی دیسامبەری ٢٠٢٢) لە سێدارە درا.

لە سەرەتای بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دیسامبەری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ڕاگەیەنراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندەها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس، ڕۆکردنی قەڵەم بە کونەلووتی چەپیدا و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت سامان لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی، ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٢٢ی جولایی ٢٠٢٣) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی (ئەمین ئاباد) لە شاری ڕەی کرا و دوای ٤ ڕۆژ خەواندنی ئیجباری لەم نەخۆشخانەیەدا، گەڕێنرایەوە بۆ زیندان. خەواندنی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین ئابادی شاری ڕەی دوای ئەوە ڕووی دابوو کە فایلێکی دەنگیی ئەم هونەرمەندە کوردە سەبارەت بە دوایین بارودۆخی لە زینداندا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە.

سامان یاسین ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ ٨ زیندانیی سیاسیی دیکەدا بە ناوەکانی سەعید ماسووری، ئەفشین بایمانی، موتەلیب ئەحمەدیان، حەمزە سەواری، لوقمان ئەمینپوور، محەممەد شافیعی، حسەین گەچلوو و مەسعوود کازمینژاد لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینی تاران کران.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای چەند حەفتەیەک بۆ جارێکی تر لەگەڵ ١٢ زیندانیی سیاسیی دیکەدا بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرا.