سامان یاسین، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاراندا کە لە ساڵ و نیوێک لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراوە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، ناڕەزایی قووڵی خۆی لە دیارینەکردنی چارەنووسی و مانەوەی لە زینداندا دەربڕیوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە وێرای ئاماژەدان بە ١٨ مانگ مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراوی لە زیندانەکانی تاران و کەرەجدا و بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، نووسیویەتی: «من سامان یاسین ١٨ مانگە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو و لە نێوان زیندانەکانی تاران و کەرەجدا جێگۆڕکێم پێ دەکرێت و بەبێ هیچ بەڵگە و هۆکارێک توندی زیندان کراوم. لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار کاتی دادگاییکردنم بۆ دیاری کراوە بەڵام بەڕێوە نەچووە و هەڵوەشاوەتەوە. تا ئێستایش بە دەست کێشەی ڕۆحی و دەروونی و جەستەییەوە دەناڵێنم و بەرپرسانی بێکەڵک و بێتوانا تەنانەت نەیانتوانیوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیشم بکەن».

ئەم هونەرمەندە کوردە لە درێژەی نامەکەیدا ڕووی دەمی دەکاتە سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران و لێی دەپرسێت: «تکایە پێم بڵێن چ تاوانێکم کردووە؟ ئەگەر تاوانکارم سزای بەندکرانم بۆ ببڕنەوە. ئەگەر تاوانکار نیم بێتاوانیم ڕابگەیەنن و ئازادم بکەن. من نازانم هۆکاری ئەم هەموو تووڕەیی و ڕق و ئازاردانانەی دەزگای دادوەری لە ئاست مندا بە چ واتایەکە».

سامان یاسین لە کۆتایی نامەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە ئەشکەنجەکانی قۆناغی دەستبەسەربوون و دەربڕینی بێهیوایی لە بەڵێنە درۆ و پووچەڵەکانی بەرپرسانی دادگا و زیندان، وتوویەتی: «داواتان لێ دەکەم لە سێدارەم بدەن. من چیدی توانای زیندان و نادیاربوونی چارەنووسم نەماوە، ئەویش بە تاوانێک کە بە ئێوە دەیزانن چییە و نە من. تکاتان لێ دەکەم سزای لەسێدارەدانم بۆ دەربکەن، هیچ تانەیەکی لێ نادەم و پەنجەمۆری دەکەم و بە نووسراو ڕەزامەندیی خۆم ڕادەگەیەنم. ژیانم تێک چووە، تەندروستیی ڕۆح و دەروون و جەستەیشتان لێ سەندوومەتەوە، لەسێدارەدانی ساختەتان بەسەر هێنام، بردمتانە شێتخانە، چی ماوە بە سەرمدا بهێنن کە نەتانهێناوە؟ گیانیشم لێ بسێننەوە و تەواو! ١٨ مانگە بە بەڵێنی پووچ و درۆی ئێوەوە دەژیم، ئیدی ماندووم، کۆتایی پێ بهێنن!».

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ئەم هونەرمەندە دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین و پاشان ڕەوانەی زیندانەکانی فەشافوویە و ئێڤین کرا.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. لە سەرەتای بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دیسامبەری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی سامان یاسین، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ڕاگەیەنراوە.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندەها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس، ڕۆکردنی قەڵەم بە کونەلووتی چەپیدا و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە و سامان لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار کراوە لە بەردەم کامێرادا ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

هەروەها تا ئێستا چەندین جار وەک ناڕەزایی لە ئاست دۆخی قورسی مانەوەی لە زینداندا و نادیارمانەوەی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٠ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دۆخی قورسی راگیران لە هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدا، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و باشبوونەوەی ڕێژەیی تەندروستی، ڕەوانەی بەندی سیاسیی ئەم زیندانە کرا.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٢٢ی جولایی ٢٠٢٣) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی (ئەمین ئاباد) لە شاری ڕەی کرا و دوای ٤ ڕۆژ خەواندنی ئیجباری لەم نەخۆشخانەیەدا، گەڕێنرایەوە بۆ زیندان. خەواندنی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین ئابادی شاری ڕەی دوای ئەوە ڕووی دابوو کە فایلێکی دەنگیی ئەم هونەرمەندە کوردە سەبارەت بە دوایین بارودۆخی لە زینداندا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە.

تا ئێستا چەندین جار بەرواری دیاریکراو بۆ دادگاییکردنی سامان یاسین بە هۆکاری جیاواز هەڵوەشاوەتەوە. لە دوایین جاردا و پاش ئەوەی کە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٧ی فێبرییەی ٢٠٢٤) کۆبوونەوەی دادگا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە هۆی ئامادەنەبوونی پارێزەری دانراوی دادگاوە بەڕێوە نەچوو، سامان وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست هەڵوەشانەوەی چەندبارەی کۆبوونەوەکانی دادگادا و بە تووڕەییەوە سەری بە دیوارێکدا کێشا کە بووە هۆی برینداربوونی جیدی و قورسی.