ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە (١٢ی مارس) دانا لەنجئاوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، دوای سێ حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی ڕەشەمە (١١ی مارس) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی گشتیی ئەم شارە و ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

دانا لەنجئاوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممە (٢٠ی فێبرییە) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریواندا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە برایە دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەریوان و تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

دانا لەنجئاوایی دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و بە بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەربوونی کاتییەوە گەڕێنرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان.

ئەم ژینگەپارێز و چالاکە مەدەنییە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەبەر چالاکییەکانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە. ئەم هاووڵاتییە ساڵی ١٣٩١ (٢٠١٢) دوابەدوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان دژ بە لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد، دەستبەسەر کرا و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٥٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

ئەم چالاکە خوێندکارییە هەروەها لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام نووردا بێبەش کرابوو.