دوای تێپەڕینی حەفتەیەک لە بزربوونی جەسیم حاسڵی، وەرزشوان و ڕاهێنەری مۆی تایی خەڵکی مەریوان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٧ی ژوەن) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەریوان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خرابووە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە و پاشان ئازاد کرابوو، بەڵام دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٥ی پووشپەڕ (٢٥ی ژوەن) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەچنە سەر شوێنی کارەکەی جەسیم حاسڵی، بەڵام لەبەر ئەوەی لەوێ نەبووە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن.

دواتر بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە سەردانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەریوان دەکەن و لێپرسەوە ئەمنییەکان پێیان دەڵێن کە تەنها بۆ چەند پرسیارێک دەبێ سەردانی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە بکات و پاشان ئازاد دەکرێت.

ئەم وەرزشوانە مەریوانییەیش ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی پووشپەڕ (٢٧ی ژوەن) سەردانی بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەریوان دەکات و لەوێ بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەخرێتە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە و پێی دەوترێت کە دەبێ حەفتەی داهاتوو جارێکی تر بۆ لێپرسینەوە سەردانی ئەم دەزگا ئەمنییە بکاتەوە.

جەسیم حاسڵی چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوون لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و لەو کاتەوە بزر بووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی حەفتەیەک بەسەر ئەم ڕووداوەدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای مەریوان، بەڵام ئەو دامەزراوانە ڕایانگەیاندووە کە ئاگایان لە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە نییە.