پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە بە تۆمەتی «بەغی»یەوە لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە دوو حەفتە لەمەوپێشەوە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣وە بە دەستووری شۆرای لێپێچینەوەی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. ئەگەرچی خودی بڕیارەکە بە پەخشان ڕاگەیەنراوە، بەڵام هۆکار و ماوەی بێبەشکردنەکەی بۆ ڕوون نەکراوەتەوە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم ژنەچالاکە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. دواجار ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

دوو کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەکوردە لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا (٢٨ی مەی و ١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەغی» لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بەڕێوە چوو.

ڕووبوڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» و بەڕێوەچوونی دوو کۆبوونەوەی دادگا هەر بەم تۆمەتە، بووتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا.

پەخشان عەزیزی لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.