فەیزوڵڵا شادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامێران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ (١٤ی جولای) لە شوێنی کارەکەیدا لەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ (١٤ی جولای) هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی فەیزوڵڵا شادی لە شەقامێکی کامێراندا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە و دووکانەکەیشیان داخستووە.

ئەگەرچی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژێک دواتر ئازاد کرا، بەڵام دووکانەکەی هێشتا هەر داخراوە و پۆلۆمپ کراوە.

دەوترێت فەیزوڵڵا شادی لە پرسەنامەی مەعسوومە دوروودیی داپیرەیدا وشەی «شەهید»ی بۆ خاڵە گیانبەختکردووەکەی بە کار هێناوە و هەر ئەمەش هۆکاری دەستبەسەرکردنی بووە. عوسمان شافیعیی خاڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لە شەستەکانی هەتاویدا (هەشتاکانی زایینی) لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێراندا گیانی بەخت کرد.