ئەمڕۆ هەینی ١٩ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبەر) سەیدئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری، لە ئەندامانی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، لە بازگەی پشکنینی «پاتاق»ی شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم چوار چالاکە مەدەنییە یارسانە کە لە شارەکانی کرماشان و سەحنەوە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ سیاوەش حەیاتیدا، زیندانیی سیاسی و وتەبێژی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بۆ شاری قەسری شیرین ڕۆیشتبوون، لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ کرماشان لە بازگەی پشکنینی پاتاقی شاری داڵاهۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و دەزگای دەستبەسەرکەری ئەم چالاکە مەدەنییانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی شۆرای ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد، ڕۆژی ڕابردوو لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشانەوە مۆڵەتی پشووی کاتیی وەرگرتبوو. ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی ٢٣ی گوڵانی ئەمساڵ (١٣ی مەیی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرابوو.