تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سەقز کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سەقز دەستبەسەر کرابوو، گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.

ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کراوە. ئەم چالاکە مەدەنییە لە بواری مافەکانی منداڵان و ژنان و یارمەتیدانی نەخۆشە تایبەتەکاندا لە شاری سەقز چالاکیی بەرچاوی هەبووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٤٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.