پەخشان عەزیزی، دەرچووی لقی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە. ئەم ژنەچالاکە بە درێژایی ٤ مانگ دەستبەسەربوون لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ژنە چالاکە کوردە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی دژبەر»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە و لە بانگهێشتنامەیەکدا پێی ڕاگەیەنراوە کە لە حەفتەکانی داهاتوودا لە لقێکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا دادگایی دەکرێت.

پەخشان عەزیزی لە ماوەی ٤ مانگ دەستبەسەربوون لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ئەشکەنجە و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و وتووێژی تەلەڤیزیۆنی و قبووڵکردنی تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپێکی دژبەردا»، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. سەرەڕای هەموو گوشار و ئەشکەنجەکانی لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، پەخشان عەزیزی هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕ لە ناوچەکانی شەڕدا چالاکیی کردووە.

ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کراوە و ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز (١١ی دیسامبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تارانەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

ئەم ژنەچالاکە کوردەی خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژدا (٤ی ئاگۆست) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە گەڕەکی خەڕازیی تاران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

پەخشان عەزیزی یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.