وریشە مورادی، بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە» و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ٦ مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراوە، لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی «بەغی»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە. ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وریشە مورادی لەم حەفتانەی دواییدا دوو جار براوەتە بەردەم لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران و تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) ڕووبەڕووی کراوەتەوە. دوای دەرکردنی سزانامەیش لە لایەن داواکاری گشتییەوە، ئێستا دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی.

«بەغی» بە واتای «ڕاپەڕینی چەکداری لە هەمبەر حکومەتی ئیسلامیدا» لە ڕیزی تۆمەتە سیاسی-ئەمنییەکانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بەپێی مادەکانی ٢٨٨ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزا دیاریکراوەکەی دەشێت لە بەندکرانەوە هەتا لەسێدارەدان بگرێتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە پێنج مانگی سەرەتای دەستبەسەرکردندا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر زەخت و گوشارەوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها دوای دەرکردنی سزانامەکە توانیویەتی پێوەندی بە پارێزەرەوە بکات.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباردا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٣ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.