ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی جۆزەردان (١٦ی ژوەن) یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی و دووەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) دوێنێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دادگادا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران کرا. یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەدا (٩ی ئاوریل) بە هۆی ئامادەنەبوونی دادوەری دووهەمەوە هەڵوەشابووەوە و دوا خرابوو بۆ کاتێکی تر.

ئەم ژنە چالاکە کە پێشتر لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی «بەغی»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ڕابردوودا مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدراوە. دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەداوە.

وریشە مورادی لە مانگێک لەمەوپێشەوە بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە و ڕۆژی ٢٥ی گوڵانیش (١٤ی مەی) هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرابوویەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین و دوای ٣ ڕۆژ گەڕێنرابوویەوە بۆ هەمان بەند. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزایەتییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

هەروەها دووەم کۆبوونەوەی دادگای پەخشان عەزیزییش دوێنێ لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئیمان ئەفشاری» بەڕێوە چوو. یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەرداندا (٢٨ی مەی) هەر لەم دادگایە بەڕێوە چووبوو.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە ئازاد کران.

ئەم چالاکە کوردە کە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوون لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە، ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و دەرچووی لقی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران، لە ڕابردوویشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.