ئارام قادری، ئارام محەممەدی، تەحسین موستەفا و سەیوان سلێمانی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» هەرکامە سزای ٤ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژوەنی ٢٠٢٤) کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چوار مامۆستایە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان بەڕێوە چووە و حوکمەکەیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێ ڕاگەیەنراوە. دادگا ئەم سزایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

دەوترێت داواکاری گشتیی مەریوان و لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، بڵاوکردنەوەی بابەت بۆ پاڵپشتیکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بڵاوکردنەوەی وێنەی فەرزاد کەمانگەر و بەشداریکردن لە گردبوونەوە پیشەییەکانی مامۆستایانی وەک بەڵگەی تۆمەتەکە لە قەڵەم داوە و دادگایش بەپێی مادەی ٥٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەو سزایەی بەسەردا سەپاندوون.

ئارام قادری، ئارام محەممەدی، تەحسین موستەفا و سەیوان سلێمانی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و دوای سێ ڕۆژ بە کەفالەت ئازاد کران.

دۆسیەی ئەم چالاکانە لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەریوان.

ژمارەیەک لە مامۆستایانی کورد، لەوانە ئارام قادری و تەحسین موستەفا، ساڵی ڕابردوو لەبەر بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پیشەییدا و پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن فەرمانگەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستانەوە لە ڕیزی «یاسای سیستەمی پلەبەندیی مامۆستایان» سڕدرابوونەوە.