دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی تۆمەتبار بە «بەغی»، ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ (٤ی ئاگۆست) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە دەچێت. دیاریکردنی بەروارێک بۆ دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە پارێزەرەکانی تا ئێستا مۆڵەتی بینین و خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، وریشە مورادی کە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە دووتوێی بانگهێشتنامەیەکدا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ (٤ی ئاگۆست) دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە دەچێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ئەمساڵەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە و پارێزەرەکانی تا ئێستە نەیانتوانیوە دۆسیەکەی بخوێننەوە.

حەفتەی ڕابردوو پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکێکی کوردی دیکەی تۆمەتبار بە «بەغی»، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ (١٦ی ژوەنی ٢٠٢٤) بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا وریشە مورادی مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرا و دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەدا.

لە کاتێکدا کە وا بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی گوڵان (١٣ی مەی) بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی گوڵان (١٤ی مەی) هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی ئەو زیندانە. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.