بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

– لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەنێو ئەم کەسانەدا ٣ کەسیان و لەوانە زارا محەممەدی، چالاکی ئەدەبی و مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندان کراون.

– لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا لانیکەم ٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلامەوە بە تۆمەتی سیاسی حوکمی بەندکرانیان لە ٦ مانگەوە تا ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەسەردا سەپاوە.

– لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا گاردی تایبەتی زیندان لەژێر چاودێریی موجتەبا محەممەدی، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ و تیمێکی نووسینگەی ناوزیندانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و وێڕای پەلاماردان و لێدانی قورسی زیندانییەکان و شێواندنی کەلوپەلەکانیان، ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان ڕەوانەی بەندە ئەمنییە تازەکە و ژمارەیەکیشیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرد. لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆربەی زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان لە ژووری تاکەکەسییەوە ڕەوانەی بەندە ئەمنییە تازەکە کراون، بەڵام ٨ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی دیکە هێشتا هەر لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندان و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدان.

– لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و ئیلام لە سێدارە دراون. هەموو ئەم کەسانە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساسیان بەسەردا سەپابوو. ئەمە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەڕێی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی خۆیەوە جێبەجێکردنی حوکمەکەیان پشتڕاست بکاتەوە. پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەیش زیاتر بێت.

– لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئیلام بە تەقە و دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بەرەو کۆڵبەرانی کورد، لانیکەم ١ کەس کوژراوە و ٦ کەسیش بریندار بوون. ٢ کۆڵبەریش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا و کۆڵبەرێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون.

هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباردا ٣ کۆڵبەری خەڵکی گوندی «باوان»ی شاری ورمێ بە ناوەکانی بارزان موهەینی، ئەسعەد سیدانیفەرد و بەهلوول سیدانیفەرد بە هۆی بارینی قورس و کڕێوەی بەفرەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانی «بنار»ی ورمێ ون بوون. هەڵمەتی دۆزینەوەی ئەم کۆڵبەرانە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە تا ئێستایش درێژەی هەیە.

– لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٠دا لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد، لەوانە منداڵێکی ١٠ ساڵان، بە تەقینەوەی مین کوژراون و ٤ منداڵ و ٢ کۆڵبەریش بریندار بوون.

– لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباردا دوو هاوژینی پەناخوازی کوردی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی جەلیل ڕەوانگەرد و سومەییە جامخانە لە ڕێگای پەنابردندا بۆ وڵاتێکی ئەورووپایی، لە ڕووبارێکی وڵاتی یۆنان خنکان و گیانیان لەدەست دا.

بۆ بینینی خشتە و وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکە ئەم لینکە ببینە: