ـ مانگرتنی بەربڵاوی بازاڕەکان

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، زۆربەی شارەکانی کوردستان بە مانگرتنی بەربڵاوی بازاڕ و دووکانەکانەوە ڕۆژیان دەست پێ کرد. ئەم مانگرتنە گشتییە کە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان داوایان کرابوو، لە لایەن چالاکان و هاووڵاتیانی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دووکان و بازاڕی شارەکانی سەقز، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆکان، دیواندەرە، دێولان، سنە، بانە، مەریوان و کامێران بە تەواوی داخرابوون. هەروەها هەندێ لە بازاڕیانی شارەکانی ئیلام، ئاودانان، سەردەشت و جوانڕۆیش بە داخستنی دووکانەکان لەم مانگرتنەدا بەشدارییان کرد.

مانگرتنی بەربڵاوی بازاڕ و دووکانەکانی زۆربەی شارەکانی کوردستان لە حاڵێکدا بوو کە دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕۆژانی پێشووتردا لە ڕێگای بانگهێشتکردن و ناردنی ئێس‌ئێم‌ئێسەوە هەڕەشەیان لە کاسبکاران کردبوو کە بۆیان نییە لەم ڕۆژەدا دووکانەکانیان دابخەن، ئەگینا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

بە وتەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژمارەیەک لە کاسبکاران و بازاڕیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کرابوون و هەڕەشەیان لێ کرابوو کە ئەگەر لە مانگرتنەکاندا بەشداری بکەن، ڕووبەڕووی سزای وەک داخستنی حسێبی بانکی، هەڵپەساردنی مۆڵەتی کار، داخستنی شوێنی کار و تەنانەت دەستبەسەرکردن و زیندان دەبنەوە.


ـ ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان لە دەروازە و ناو شارەکاندا

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییەوە بە هەزاران هێزی چەکدار و ئەمنیی لە ناوچەکانی تری ئێرانەوە ڕەوانەی ناوەندی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام و هەروەها ئەو شارانەی دیکەی کوردستان کردبوو کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانی جەماوەرییان بەڕێوە بردبوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی یەکەی تایبەت، سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە ڕۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممەدا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەرچەشنە چالاکی و گردبوونەوەیەک و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی، لە زۆربەی گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستاندا، لەوانە ئیلام، ئاودانان، بۆکان، بیجاڕ، بانە، سنە، سەقز، کرماشان، کامێران، مەهاباد، مەریوان، سەردەشت، دیواندەره، دێولان و…، جێگیر کرابوون.

هاوکات هێزێکی زیاتریش لە بنکە سەربازییەکانی هێزی پۆلیسی ئینتیزامی و سوپای پاسداراندا جێگیر کرابوون و چووبوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هەروەها لەم حەفتانەی دواییدا و لەسەر فەرمانی شۆرای دابینکردنی ئاسایشی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام، دامودەزگا ئەمنییەکان لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی ئەم پارێزگایانەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو کامێرای چاودێرییان داناوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هێلیکۆپتەری سەربازی-ئەمنی و درۆنی چاودێریی سوپای پاسداران بەسەر ئاسمانی شارەکانی سەقز، بۆکان، دیواندەرە و گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشاندا سووڕاونەتەوە.

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی سەقز، کامێران و بۆکانەوە هەروەها باس لە دانانی خاڵی پشکنین لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە لە دەروازەی ئەم شارانەدا و کۆنترۆڵکردنی بەڵگەنامە و مۆبایلی هاووڵاتیان دەکەن.

دانانی خاڵی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیان بەتایبەت لە شاری سەقزی زادگەی ژینا ئەمینیدا زۆر قورستر و بەرچاوتر بووە. هێزەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانەوە (١٤ی سێپتامبەر) لە هەموو دەروازەکانی ئەم شارەدا جێگیر کرابوون و مۆڵەتی چوونەناوەوەیان بەو کەسانە نەدەدا کە دانیشتووی شاری سەقز نەبوون.

هاوکات زرێپۆشەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گۆڕستانی ئایچیدا، شوێنی ئەسپەردەکردنی ژینا، جێگیر کرابوون و ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) مۆڵەتیان بە هاووڵاتیان نەدەدا بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەی سەردانی مەزاری ژینا بکەن.

ئەم هێزانە هەروەها بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی خەڵک لەو گۆڕستانەکەدا یەکێک لە دەرچەکانی ئاوبەندی «چراوەیس»یان کردەوە و بەم شێوەیە تەنانەت ڕێگا لاوەکییەکانی مەزاری ژینایشیان داخست.

ـ گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خەڵک و سەرکوتکردنی توندوتیژی حکومەت

سەرەڕای ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان و کەشی زۆر قورسی ئەمنی، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان لە هەندێ شاری کوردستان و شارەکانی تری ئێراندا دیسانەوە چوونە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی و دروشمی دژ بە حکومەتیان وتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی هاووڵاتیان لە شارەکانی سنە، کرماشان، بۆکان و مەهاباددا کەوتووەتە بەر سەرکوتکردنی توندوتیژی حکومەتەوە. زۆربەی خۆپیشاندەران کەوتوونەتە بەر پەلامار و لێدانی قورسی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانەوە و ژمارەیەکیشیان لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران کە بە چەکی وەک کڵاشینکۆف و قەناسە تەیار کرابوون، لە هەندێ حاڵەتدا دەسڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

فەردین جەعفەری، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵانی خەڵکی گوندی «مامەشا»ی سەقز، یەکێک بوو لەو کەسانە کە نیوەڕۆی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) لە نزیک گۆڕستانی ئایچیی سەقزدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گوللەیەک بەر سەری کەوت و بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ گوندەکەی خۆی، لە نزیک مەیدانی زیندان بەرەو جادەی ئایچی کەوتە بەر تەقەی چەکدارانی سوپای پاسداران و لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی نەخۆشخانەی شەفای سەقزدا بە ئاستی هۆشیاریی زۆر کەمەوە لەژێر دەرماندایە.

ـ گوشاری سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان

دامودەزگا ئەمنییەکان لە درێژەی گوشارەکانیاندا بۆ سەر ئەو بنەماڵانەی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ئەم یەک ساڵەی ڕابردوودا ئازیزێکیان گیانی بەخت کردووە، لە حەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانیان لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە تاکوو بەم شێوەیە ڕێگری بکەن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردوانیان.

ئەمجەد ئەمینی و سەفا عائیلی، باوک و خاڵۆی ژینا ئەمینی، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری، شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، ڕێزان ساعیدی و موعید ساعیدی، پوور و برای سارینا ساعدی، ئومید نیازی، برای موحسین نیازی، خەسرەو فتحی، کوڕی حەیبەڵڵا فەتحی و بنەماڵەی عیرفان خەزایی، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، بۆکان و سنە لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوو کردبوو کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە ڕێوڕەسمی ساڵیاد بەڕێوە ببەن، هەروەها ژمارەیەک لەم کەسانەیان دەستبەسەر کردبوو و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لە هەندێکیشیان کردبوو.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، ئەمجەد ئەمینیی باوکی ژینایان لە کاتی چوونەدەرەوەدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز دەستبەسەر کردبوو و دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە و هەڕەشە و هۆشداریدان لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی منداڵەکەی، گەڕاندبوویانەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ماڵەکەیان گەمارۆ دابوو و تا کۆتایی ئەو ڕۆژە مۆڵەتی چوونەدەرەوەیان بە بنەماڵەی ژینا نەدا.

دایک و باوکی ژینا پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وتبوویان کە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی منداڵەکەیان لەسەر مەزارەکەیدا بەڕێوە دەبەن. هێزە ئەمنییەکان لە دوو حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار ئەمجەد ئەمینییان بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعات کردووە و داوایان لێ کردبوو ئەو بەیاننامەیە بە درۆ بخاتەوە و ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژ بەڕێوە نەبات.

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها هەڕەشەیان لە باوکی ژینا کردبوو کە لە ئەگەری چالاکبوون و بڵاوکردنەوەی پەیام لە لایەن هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و چوونەسەر مەزاری ژینا و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەی، منداڵەکەی تریان، ئەشکان، دەستبەسەر دەکەن.

پێشتر و لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتدا بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا.

ـ بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان

لە درێژەی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورددا، لە یەک مانگ لەمەوپێشەوە شەپۆلێکی بەربڵاوی  بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی حکومەتەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا دەستی پێ کردووە. بە سەدان هاوووڵاتی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و دوابەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارانەدا دەستبەسەر کرابوون، سەرلەنوێ بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کرابوونەوە و لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردبوون کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردوان و خۆپیشاندانی ناو شارەکاندا بەشداری بکەن. لە هەندێ حاڵەتدا بەڵێننامەی نووسراویان بە بانگهێشتکراوان واژۆ کردبوو کە ئەگەر لەو ڕێوڕەسم و خۆپیشاندانانەدا بەشداری بکەن، سەرلەنوێ دەستبەسەر بکرێنەوە و سزای قورسیان ڕووبەڕوو بکرێتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ٢ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٢٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، سەقز، سنە، دیواندەرە، دێلوڕان، ئەراک، کامێران، قوروە، جوانڕۆ، کرماشان، بانە، بۆکان و شنۆدا دەستبەسەر کراون.

تەنها لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانەوە (١٦ی سێپتامبەر) تا ئێستا، لانیکەم ٣١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات بە دەیان هاووڵاتیی کورد لەبەر بڵاوکردنەوەی نووسین یاخود وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئینتەرنێتی زۆربەی شارەکانی کوردستان تووشی کێشەی جیدی ببوو. سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارە جیاوازەکاندا باس لە پچڕان یان کەمکردنەوەی بەرچاوی خێرایی ئینتەرنێت لە شارەکانی خۆیاندا دەکەن.

ناسنامەی دەستبەسەرکراوان

شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر)

سەقز: لوقمان بیداری، محەممەد غەفووری‌نژاد، مێهران ساعیدی، سیروان حەسەنی، فەرزاد ڕەحمەتی

قوروه: عەبدوڵڵا عەبدولمەلکی (مامۆستای خانەنشین)، مێهدی فەیزی، ئارمان کووهی، ئومید خەسرەوی

مەریوان: ڕەحیم قوبادی (ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا)، کەریم قوبادی (خەڵکی گوندی «دەره‌تفێ»)، بەختیار نەزەری (وێنەگر)، ڕۆژان مەلێکی (منداڵی ١٦ ساڵان کە دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەربوون ئازاد کراوە)

کرماشان: پەریسا محەممەدی (وەرزشکار)، پژمان عەزیزی

سنە: بێهرووز گوڵنما، گەلاوێژ تەهماسبی (چالاکی ژینگەپارێز) و عادڵ (شاخەوان) میرزایی (گوندی نگڵ)، ماهان نەساجی (گوندی نگڵ)، موبین پەروین (گوندی نگڵ)

شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا): محەممەدباقر مورادیان، بابەک زولفەقاری

دێلوڕان: سەجاد سەیدمورادی

شنۆ: هاوڕێ خاڕەزم (خەڵکی گوندی «خانلەر»)

کامێران: محەممەد مورادی‌نژاد (فەرمانبەری ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان)

جوانڕۆ: ڕەحیم عەزیزی (دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە)

دیواندەره: ئارمان سوهرابی (مامۆستا)

یەکشەممە ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبەر)

دێلوڕان: مێهدی حاتەم

ئەراک: بەهمەن بالوێ (هاووڵاتیی خەڵکی دێلوڕانی پارێزگای ئیلام)

دیواندەره: سامان خالیدیان (خەڵکی گوندی نساره)

دووشەممە ٢٧ی خەرمانان (١٨ی سێپتامبەر)

کامێران: موحسین ئەسەدی