لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئامانج خەستە، زانا پەروانە، موعین فەقیهی، حیسام کەرەمی و سیروان کەرەمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی جوانڕۆ، مەهاباد، مەریوان و کامێران دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی زانا پەروانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنکێکی نادیار. هاوکات هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «چروسانە»ی کامێرانیش بە ناوی حیسام کەرەمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. حەفتەی ڕابردوویش برایەکی ئەم هاووڵاتییە بە ناوی سیروان کەرەمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٤ ڕۆژ ئازاد کرابوو.

هەروەها ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «گۆگ تەپە»ی مەهاباد بە ناوی ئامانج خەستە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنکێکی نادیار.

هەموو ئەم هاووڵاتییانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.