بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی ڕەحمان ئیبراهیمی، کەیۆمەرس ڕەزایی و بێهرووز ڕەحمانی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون.

کەیۆمەرس ڕەزایی و ڕەحمان ئیبراهیمی، باوکی ٣ منداڵ، هەردووکیان خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان بوون کە نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو. پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕدا (١٨ی جولای) یەکێکی تر لەو هاودۆسیەکانی ئەم ٢ بەندکراوە بە ناوی موسلیم هەواسی هەر لەم زیندانەدا لە سێدارە درابوو.

بێهرووز ڕەحمانیی خەڵکی وەرامینیش نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.