عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە گشتی سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە حوکمەکەدا ئەم چالاکە کرێکارییە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەیدا نووسیویەتی: «دادگا بە سەرنجدان بە هەبوونی هۆکارەکانی دابەزاندنی سزاکان لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە بارودۆخی تەمەنی ئاغای ئیسماعیلی و خێزانداربوون، بە گەڕانەوە بۆ ئەو مادەیە و هەروەها بۆ مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، پەیوەست بە مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، گەورەترین سزای بەندکرانی ناوبراو کەم دەکاتەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەیەوە».

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم جالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی بەڕێوە چوو و ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان (٢٤ی ئاگۆست) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

عوسمان ئیسماعیلی لە ناسراوترین چالاکانی کرێکاریی کوردستانە کە چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.