بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گوڵان (١١ی مەی) مەسعوود نیکخا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان، دوای ١١ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی کەفالەت بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، دوو مامۆستای خانەنشین و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵان (١ی مەی) و هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان لە شارەکانی ئێراندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کران و دوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردن گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.
دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم دوو چالاکوانە پیشەییە، ژمارەیەک لە مامۆستایانی مەریوانی بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی هاوکارەکانیاندا ڕۆژانی یەکشەممە ١٨ی گوڵان (٨ی مەی) و دووشەممە ١٩ی گوڵان (٩ی مەی) دەستیان دایە مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزاییانە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا و داوای ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانییان کرد.
ئەگەرچی مەسعوود نیکخا بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە بەڵام ئەسکەندەر لوتفی هێشتا هەر دەستبەسەرە و ڕۆژی چوارشەممەیش شەعبان محەممەدی، چالاکی پیشەیی شاری مەریوان، بۆ دووهەم جار لە یەک ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.