بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی ژوەن) ژنێکی خەڵکی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ناوی ژیلا زارعی بە دەستی هاوسەری پێشووی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان کوژراوە.

هاوسەری پێشووی ئەم ژنە کە ناسنامەکەی بە «ئـ .ع» ڕاگەیەنراوە، دوای کوشتنەکە هەڵاتووە.

ژیلا زارعی ۲۳ ساڵان و خاوەنی منداڵێک بوو کە منداڵەکەی دوای جیابوونەوەی ئەوان لە لای دایکی هاوسەری پێشووی دەژیا و بە درێژایی ئەم ماوەیە مۆڵەتی دیداری تاقەمنداڵەکەیی لێ زەوت کرابوو.

ژیلا زارعی چەند ساڵ لەمەوپێش و دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی لە شاری سەردەشتەوە کۆچی کرد بۆ شاری هەولێری هەرێمی کوردستان و لەم شارەدا وەک «مۆدێل» دەستبەکار بوو.

تەرمی ئەم ژنە دوای دوو ڕۆژ و بە ئامادەبوونی چەند کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شاری «قەڵادزێ»ی هەرێمی کوردستان ئەسپەردە کرا. ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکەیشی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی پووشپەڕ (٤ی جولای) بە شێوەیەکی سنووردار لە لایەن بنەماڵەکەیەوە لە سەردەشت بەڕێوە چووە. دەوترێت ئەم ژنە پێشتریش چەندین جار لە شاری سەردەشت کەوتبووە بەر ئازار و لێدانی هاوسەری پێشوویەوە.