بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانبار (١٢ی ژانڤییە) سزای لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی ئازاد دادوەند و کەیوان ئەمینی تەوەکول کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کراوە.

ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ سێ بەندکراوی دیکەدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و ڕەچاوکردنی مافی دوایین دیدار، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سێ زیندانییەکەی تر بەردەست نەکەوتووە.

کەیوان ئەمینی تەوەکول، ٤٢ ساڵان و خەڵکی بانە و ئازاد دادوەند، ٤١ ساڵان و خەڵکی سەردەشت، لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩ (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە لانیکەم ٨ هاووڵاتیی کورد کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و «مادە هۆشبەرەکان» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانە ناوەندییەکانی کرماشان، کەرەج، بەندەرعەباس و ئەراک لە سێدارە دراون.