ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ نووسەر و توێژەری کورد موژگان کاووسی دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر تووشبوونیدا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، مۆڵەتی چوونەدەرەوەی کاتی (مورەخەسی)ی پێ درا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، موژگان کاووسی تووشی کۆرۆنا بووە و دوای تێپەڕینی ٤ ڕۆژ بەسەر دەرکەوتنی ئەنجامی تێستەکەیدا، بۆ ماوەی یەک حەفتە مۆڵەتی چوونەدەرەوەی کاتی (مورەخەسی)ی پێ دراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕدا لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی هاوکات لە تاران و نۆشەهریشن، لەسەر داوای خۆی لە زیندانی ئێڤینەوە گواسترابوویەوە بۆ نۆشەهر، بەڵام دوای تێپەڕاندنی شەوێک لە دەستبەسەرگەی ناجادا لەو شارە، لەبەر هەماهەنگینەکردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ بەرپرسانی دادوەریی نۆشەهر، ڕۆژی دواتر دیسانەوە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.
موژگان كاووسی نووسەری کورد له ڕێكه‌وتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا (١٨ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩)، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری «نۆشەهر»ی باکوری ئێران لە لایەن هێزه‌كانی ده‌زگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا و پاش نزیكه‌ی مانگێك به دانانی بارمته له زیندان ئازاد كرا. ناوبراو سه‌ره‌تا له لایه‌ن دادگای شۆڕشی نۆشه‌هره‌وه حوکمی ٦٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا، به‌ڵام دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای مازه‌نده‌ران سزاکەی زیاد کرد بۆ ٧٦مانگ و نیو.
موژگان كاووسی ڕۆژی ١٦ی ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٩٨ (٦ی مارسی ٢٠٢٠)، له پۆستێكدا له ئێكاونتی ئینستاگرامه‌كه‌ی نووسیبووی: «دادگای پێداچوونه‌وه، دەقی ئەو پارێزنامە ناڕەزاییەی کە لە لایه‌ن پارێزه‌ره‌كه‌مه‌وه بەڕێز موسته‌فا نیلی پێشکەش کرابوو، ڕەت کردۆتەوە و ناڕازیبوونەکەی دادوه‌ری گشتی و ئینقلابی نۆشه‌هری به شیاو داناوه کە حوکمی دادگای یەکەمی پێ کەم ببوو».
خانمی کاووسی لە درێژەی هەمان ئەو پۆستەی ئێکاونتی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: «دادگای پێداچوونەوە سزای ٦ مانگ بەندکران بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە کۆماری ئیسلامی»ی بۆ ٧ مانگ و نیو و سزای ٣٠ مانگ بەندکران بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی»ی بۆ ٣٦ مانگ زیاد کردووە و سزای ٣٣ مانگ بەندکران بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی»ی وەک خۆی پشتڕاست کردووەتەوە».
بەپێی ماده‌ی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی سەبارەت بە كۆكردنه‌وه‌ی سزاكان، قورسترین سزا به‌ڕێوه ده‌چێ و به‌م پێیه قورسترین سزا بۆ موژگان كاووسی له ٣٣ مانگەکەی دادگای یەکەمەوە بەرز بۆتەوە بۆ ٣٦ مانگ زیندانی حه‌تمیی دادگای پێداچوونەوە.
ئه‌م نووسه‌ره كورده له ڕێكه‌وتی ٣٠ی گوڵانی ١٣٩٩ (١٩ی مه‌ی٢٠٢٠)، به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی حوكمی سێ ساڵ زیندان له نۆشه‌هر ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕه‌وانه‌ی زیندانی ئه‌م شاره كرابوو، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژ گواسترایه‌وه بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.