ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) ئەسرین محەممەدی، خوشکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی براکەیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) ئەسرین محەممەدی لە دووکانێکی چاپکردنی بانەر لە شەقامێکی بۆکاندا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

شەهریار محەممەدی ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکاندا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوو و دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە، بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.