بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی سلێمان قارەمانی، بەندکراوی خەڵکی سایین قەڵا کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە لەگەڵ زیندانییەکی دیکەدا بە ناوی فەیزوڵڵا حسەینپوور بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەردووکیان لە سێدارە دراون.

سلێمان قارەمانی ٢٩ ساڵی بوو و نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی دووشەممە هەواڵی لەسێدارەدانی فەیزوڵڵا حسەینپوور، بەندکراوی خەڵکی سایین قەڵا و دانیشتووی بۆکانی لە زیندانی میاندواو بڵاو کردبووەوە.