سزای لەسێدارەدانی محەممەدخالید جەهانگیری، بەندکراوی خەڵکی ورمێ کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆست) بە مەبەستی لەسێدارەدان گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی خەرمانان (٢٢ی ئاگۆست) لە سێدارە درا.

محەممەدخالید جەهانگیری باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٢ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان»، «کوشتنی بەئەنقەست» و «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی ورمێ، کرماشان، قزلحەساری کەرەج، خوڕەمئاوا، سنە، سەبزەوار و میاندواو لە سێدارە دران.