بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نزیک گوندی «پیرانە کۆن»ی مەریوان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوانیاندا، ڕێبوار کەریمیان، بەرپرسی سەربازیی ئەو حیزبە، گیانی بەخت کرد. دوابەدوای ئەو تێکهەڵچوونە کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر درێژەی هەبوو، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە، لە بەشێکی بەربڵاوی بەرزاییە سنوورییەکانی «سوورێن» لە نێوان مەریوان و هەرێمی کوردستاندا ئاگر کەوتووەتەوە و بە هۆی ڕێگریکردنی هێزەکانی سوپا لە هەوڵدانی چالاکانی ژینگەپارێز بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، تا ئێستایش دارستانی ناوچەکە لە ئاگردا دەسووتێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، گرووپێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دوای جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ چەککردنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لە هەرێمی کوردستاندا ئامادە نەبووبوون بڕۆنە کەمپی پەناخوازان و لە ناوچە سنوورییەکانی مەریواندا جێگیر ببوون، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە.

لە ئەنجامی گەمارۆ و بۆسەدانانی هێزەکانی سوپادا، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵە و ئەو هێزانەدا ڕووی دا و ڕێبوار کەریمیان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی سەربازیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، گیانی بەخت کرد و تەرمەکەی لە لایەن هێزەکانی سوپاوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان.

هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەرلەبەیانییەوە تا نزیک نیوەڕۆ بەرزاییە سنوورییەکانی ناوچەکەیان تۆپباران کرد کە لە ئەنجامی ئەم تۆپبارانەدا ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکاندا کەوتووەتەوە، بەڵام هێزەکانی سوپا ڕێگرییان لە چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا کردووە و نەیانهێشتووە بڕۆنە ناوچەکە، هەر بۆیە ئاگرەکە تا ئێستایش بەردەوامە.

دوابەدوای تێکهەڵچوونەکە، شاری مەریوان و گوندەکانی نزیک لە ڕووداوەکە بە قورسی میلیتاریزە کراوە و کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کوژرانی ڕێبوار کەریمیانی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕاگەیاندنەکانی سوپای پاسدارانیش هەندێ وێنەی تەرمی ئەم ئەندامەی کۆمەڵەیان بڵاو کردووەتەوە.